|

له
به‌ره‌به‌یانییه‌کی ئارام‌دا، پێش ئه‌وه‌ی خۆر پرچی زه‌ردی به‌سه‌ر لاشه‌ی
رووحم دادا و، ئه‌ستێره‌کان، وه‌ک ملوانکه‌ی ده‌سگیرانیی، له گه‌ردنی
ئاسمان وه‌بن. ته‌نها که‌مێک پێش ئه‌وه‌ی مانگ ئۆغر بکا و ئێمه‌ش لێره به
گه‌وره‌یی خۆر بسپێرێ. هاوارم کرده ئه‌ستێران، گازم کرده مانگی چارده:
جێم مه‌هێڵن! مه‌ڕۆن لێره! منیش رێبوارێکی ماندووی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌م، دڵم
به دیدارتان تێره. گه‌ر هه‌ر ده‌ڕۆن بمبه‌ن له‌گه‌ڵ خۆتان خێره.
ئاره‌زوومه، بۆ ساتێکی زۆر که‌میش بێ، له به‌رزایی ئاسمانه‌وه نیگام
شۆڕکه‌مه خواره‌وه تا ببینم کێن ئه‌و "پیاو"ه پاشه‌ڵپیسه پیسپه‌رسته
پیسخۆرانه! ئه‌وانه کێن وێنه‌ی قڕژاڵ هه‌ر به دوو سه‌ران ده‌چن و دێن!
کێن ئه‌وانه لایان وابوو دنیا بۆ مفته‌خۆرانه! کێن ئه‌وانه....... کێن
ئه‌وانه....... ئه‌من له قسانم بوومه‌وه و جا روانیمه رووخساری مانگ،
دیتم فرمێسک گۆنای سپیی ته‌ڕکردووه و گه‌رووی به هه‌نسکانه‌وه‌یه،
توومه‌ز بۆ حاڵی من ده‌گریی. هه‌ر له‌دوای که‌مێک بێده‌نگیی سه‌ریهه‌ڵبڕی،
دیتی زیز و دڵشکاوم، په‌ستم، هه‌ناو پڕ زووخاوم. من چاوه‌ڕێ بووم بڵێ بێ،
فه‌رمووی: هاوڕێ! وا مه‌ڕوانه ئێمه له‌و جێ بڵیندانه که‌یف و سه‌ما و
خۆشییمانه! ئێمه‌ی بێنه‌وا و بێ لانه، کارمان گه‌ڕان و سووڕانه له‌و
ئاسمانه. ئه‌وجار فه‌رمووی: له‌م هه‌واره‌ی خۆت وه‌مێنه، هه‌دا مه‌ده
هاوڕێ و هاوده‌مان وه‌بینه. گوتم: تۆ چۆنت فه‌رموو واده‌که‌م، به‌ڵام، جێ
هیوا و جێ هومێده‌که‌م، گه‌ره‌ک پێش چوونتان عه‌رزتکه‌م. فه‌رمووی: بڵێ.
گوتم: هه‌ر له‌م هه‌واره‌ی مه پۆلێک هه‌بوون سه‌ردار، سه‌روه‌ر، له‌پاش
گه‌یاندنی په‌یام باڵیان گرت و رایانگه‌یاند به‌ره‌و خزمه‌ت باری ده‌چن. جا
ئێستا له‌کوێن چی ده‌که‌ن دیاره که ئێوه تێیده‌گه‌ن. مانگ به تاسه و
غوربه‌ته‌وه فه‌رمووی به‌ڵێ! ئه‌و سه‌روه‌ره دیندارانه، ئه‌و پیاوه چاک
و پاکانه، یه‌ک له‌نێو هه‌موواندا دیاره گه‌وره‌ی قافڵه‌ی سه‌روه‌رانه.
ئه‌وجار فه‌رمووی: بێنه ئه‌گه‌ر پێته په‌یام ببه‌م بۆ کۆڕی سه‌روه‌ران.
شاگه‌شکه بووم، گورجێ خامه‌م گرته ده‌ستم و په‌ڕێکی سپیم له گیرفانه
بچکۆلانه‌که‌م ده‌رهێنا و ده‌ستم کرده په‌یامنووسین. ئه‌مه‌ش ده‌قی
په‌یامه‌که:
به‌ناوی به‌رزه‌ناو
له‌م هه‌واره بێنازه‌وه و له به‌ره‌به‌یانییه‌کی هیواپڕژێن. له‌ناخی دڵی
رێبوارێکی کۆستکه‌وتووی هه‌رگیز نه‌سره‌وتووی قه‌ت نه‌که‌وتوو، له مه‌لێکی
ئاواره و بێلانه‌ی ئه‌م نیشتیمانه، بۆ مه‌له تیژباڵه‌کانی ئاسمانی مان.
له‌وێشه‌وه له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی باڵی خه‌یاڵێکی سپی وه‌ک به‌فری لوتکه‌ی
چیاکان بۆ ده‌نکه تنۆکی پاکی ئه‌سرینی دیده‌ی دایه‌گیان، له‌ویشه‌وه بۆ
ئه‌ستێره تیشکاوێژه رووسووره‌کان، تا ده‌گاته ئه‌و هه‌واره بێهه‌وره‌ی
گه‌وره‌ی گه‌وران دوای له‌شه‌قه‌ی باڵکوتانێک لێی نیشتبوون، بۆ حزووری
شه‌هیدانی سوورخه‌ڵاتی رێی دین و بوون، سڵاوتان لێ بێ. سڵاوێک، ته‌ڕ وه‌ک
چاوی دایه و داده، گه‌رم وه‌ک ژێر له‌پی ده‌ستی کاکه و بابه. سپی وه‌ک
رووتان، سوور وه‌ک خوێنتان، به‌رز و بڵیند وه‌ک باڵای به‌رزی به‌ڕێزتان،
روون به‌وێنه‌ی رێ و رێبازتان.
ئازیزانم! من ده‌زانم که خامه‌م له ئاست ئێوه‌دا نووکی کوله و وه‌ک
زارۆی بێ ده‌ست و پله. نووکی خامه‌م هه‌رچه‌ند به‌بڕشت و به‌کار بێ که
باس گه‌ییه باسی گه‌وران ئه‌ژنۆی ده‌شکێ و شه‌رم ده‌یگرێ. لێ گه‌ر پرسن
چۆن زاتت کرد ئه‌م سڵاونامانه بنووسی؟! ده‌ڵێم یاران! خۆتان که میوانی
خودان بێ‌شک بێ‌دار و به‌ئاگان. له‌بیرتانه هاوڕێیانی نیوه‌ڕێتان، هه‌تا
لێره حزوورتان بوو، زمان لاڵ و چێهره تاڵ و هه‌گبه‌یان پووچ و به‌تاڵ
بوو؟ خۆ بیرتانه له کاتێکا له دیوه‌خان فه‌رمان درا و بڕیار درا هه‌ر
کۆترێ گمه‌ی بۆ غه‌یری کوێخا بێ گه‌ره‌ک مه‌سیری دۆزه‌خ بێ؟ خۆ بیرتانه
چۆن ره‌وه کولله‌که‌ی هه‌نگێ بێ هیچ شه‌رمێ، بێ هیچ سڵێ له ده‌غڵی
باپیره‌م ئاڵان؟ له‌یادتانه ئه‌و ساتانه‌ی گورگه بۆره‌ی ده‌م جۆگه‌له
ده‌یگوت هه‌له، بخۆن گۆشتی کاڵی به‌رخان، بدڕن ورگی "خۆفرۆشان"، خۆ
بیرتانه چه‌ند خوێن رژان، چه‌ند مێشک پژان!.
سه‌روه‌رانم! هه‌ر دوای کۆچی دوایی ئێوه، ئێمه بووینه نێچیری وان.
گه‌ره‌کیان بوو ئه‌و دره‌خته‌ی به خوێنی وه ئاودرابوو له ره‌گه‌وه
هه‌ڵبکێشن! هاتن به‌ڵام ده‌ستبه‌تاڵ چوون. هاوڕێیانی نیوه‌ڕێتان وه‌ک له
حزوور پاکی خۆتان هیواخوازبوون نه‌تانبینن، نه‌تاندوێنن له خه‌ویشدا ناتان
بینن، واش بڕیاره هه‌تا مابن نه‌تانبینن!. ئای بۆ ئه‌و مه‌رگه‌ساته، ئای
بۆ ئه‌و چرکه و کات و ماوه و ساته ئێوه له خه‌ودا ده‌بینن.
له‌ده‌ستیان بێ جه‌سته‌ی خه‌ونیش وه‌ک جه‌سته‌ی پیرۆزی ئێوه له‌نێو خوێندا
شه‌ڵال ده‌که‌ن. شه‌رم ناکه‌ن، به مه‌رگتان پێده‌که‌نن و له کۆچتاندا
شایی ده‌که‌ن!. ئه‌وه‌ن قاره‌مانی مه‌یدان!، ئه‌وه‌ن شێره کوڕی کورد و
درێژه‌ده‌ری رێی شه‌هیدان!.
سه‌روه‌رانم! ئه‌وه‌ی نووسیم ده‌نگ و باسی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی لای ئێمه بوو.
پێش کۆتایی ئه‌م نامه‌یه‌ش حه‌زمه بڵێم: هاوڕێیانتان هه‌ر وه‌ک جاران،
بگره چاکتر، هه‌ڵگری رێ و رێبازتانن، پارێزه‌ری په‌یامتانن. دڵته‌نگ قه‌ت
مه‌بن ئارام بن، ده‌رختێک بێ و به خوێنی پاکتان ئاودرابێ، مه‌گه‌ر قه‌ده‌ر
لای خودا بێ. ده‌نا هه‌رکه‌س له‌لای وابێ، واباشتره، دین و دنیا لێک
جوودابێ، هه‌زار سڵاو له ئه‌قڵی بێ. ئازیزانم! به‌م داوایه له حزوورتان
کۆتایی به نامه دێنم. داوا و تکام وایه لێتان، گه‌ر چوونه لای شاهی
شاهان، له‌دوای بردنی کڕنووشان، هه‌م بۆ خۆم هه‌م بۆ هاوڕێیان بکه‌ن داوای
لێخۆشبوونمان. به‌نیازی دیدار.
|