خه‌بات:
کاتژمێر
دووی پاش نیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشه‌ممه-١٤-ی
خه‌زه‌ڵوه‌ری-١٣٨٧-ی
هه‌تاویی به‌رامبه‌ر به-٥⁄١١⁄٢٠٠٨-له
یه‌کێك له ساڵۆنه‌کانی بنکه‌ی سه‌رکردایه‌تیی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی
کوردستان له هه‌ولێر کۆڕیادێك بۆ ڕێگرتن له یادی یازده‌ساڵه‌ی کۆچی دوایی
شه‌هیدی رابه‌ر و سه‌رکرده، مامۆستا خدر عه‌بباسیی، به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌و
کۆڕه که ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك و یادێك بوو له ژیان و خه‌باتی سه‌رکرده‌یه‌کی
ماندوویینه‌ناسی رێبازی ره‌سه‌نی کوردایه‌تیی، تێیدا به‌شێکی زۆر له کادر
و ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌کانی رێکخراوه‌که‌مان و بنه‌ماڵه‌کانیان
به‌شداربوون.
کۆڕه‌که به
خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له قورئانی پیرۆز له‌لایه‌ن یه‌کێك له
هاوبیرانه‌وه خوێندرایه‌وه، ده‌ستپێکرد. ئه‌مجار به خوێندنه‌وه‌ی
سووڕه‌تی فاتیحه له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه رێز له ژیان و خه‌باتی
تێکڕای شه‌هیدانی کوردستان و به تایبه‌تییش مامۆستای شه‌هید و هه‌موو
شه‌هیدانی رێکخراوه‌که‌مان، گیرا.
به‌ڕێوه‌به‌ری
کۆڕه‌که، کاك حه‌سه‌ن ئارام، به نوێنه‌رایه‌تیی ده‌سته‌ی ئاماده‌کاری
مه‌راسیمه‌که له وته‌یه‌کی کورت‌دا به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی کرد. پاشان
سروودێك له‌لایه‌ن کۆڕی هونه‌ریی خوێندکارانی مێرمنداڵی
رێکخراوه‌که‌مانه‌وه پێشکه‌ش کرا.
دوا به دوای
سرووده‌که په‌یامی کومیته‌ی ناوه‌ندیی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی
کوردستان به‌بۆنه‌ی یادی یازده‌ساڵه‌ی کۆچی رابه‌رمان مامۆستا خدر
عه‌بباسیی، له‌لایه‌ن برا و هابیری به‌ڕێز مامۆستا عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی،
به‌رپرسی یه‌که‌می رێکخراوه‌که‌مانه‌وه، خوێندرایه‌وه. له په‌یامی
کومیته‌ی ناوه‌ندیی دا ئاماژه‌یه‌کی کورت به قۆناغه جیاجیاکانی ژیانی پڕ
له ره‌نج و تێکۆشانی مامۆستای رابه‌ر کرا بوو، له‌وانه قۆناغه‌کانی
فێربوون و فیرکردن، قۆناغه‌کانی ژیانی سیاسیی و زیندان و
رابه‌رایه‌تییکردنی جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیو له دژی رژیمی شایه‌تیی، هه‌روه‌ها
قۆناغی خه‌باتی چه‌کداریی و پێکهێنانی رێکخراوی خه‌بات،ی نه‌ته‌وایه‌تیی و
ئیسلامیی کوردستان و رابه‌رایه‌تییکردنی ئه‌و رێکخراوه له ساته
تایبه‌تیی و سه‌خته‌کانی قۆناغی بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداریی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا.
دوا به دوای
په‌یامی کومیته‌ی ناوه‌ندیی، هاوبیر و هه‌ڵبه‌ستوانی به‌هه‌ستی
رێکخراوه‌که‌مان، کاك ئیسماعیل مه‌حموودیی، هۆنراوه‌یه‌کی پڕسۆز و هه‌ستی
شۆڕشگێڕانه‌ی له ژێر ناوی "رابه‌ره‌که‌م" دا له په‌سنی مامۆستای شه‌هیدا
پێشکه‌ش به ئاماده‌بووان کرد. دوای ئه‌وه په‌یامی خوشکانی
رێکخراوه‌که‌مان له‌لایه‌ن خوشکی هاوبیر و به‌ڕێز خوشکه مریه‌م سلێمانیی
ه‌وه خوێندرایه‌وه. له په‌یامی خوشکاندا له‌گه‌ڵ یادکردنه‌وه‌ی خه‌بات
و تێکۆشانی مامۆستای رابه‌ر و، رێزگرتن له‌و سه‌رکرده‌یه‌ی بزووتنه‌وه‌ی
نه‌ته‌وایه‌تیی و ئیسلامیی کوردستان، جارێکی دیکه خوشکان په‌یمان و
به‌ڵێنیی خۆیان به رێبازی مامۆستا و هه‌موو شه‌هیدانی رێکخراوه‌که‌مان
تازه‌کردبۆوه که تا وه‌دیهێنانی ئاوات و ئامانجه‌کانیان درێژده‌ری
کۆڵنه‌ده‌ری رێگا پیرۆزه‌که‌یان بن.
دوای په‌یامی
خوشکان، هاوبیری به‌سۆز کاك عه‌بدوڵڵا عومه‌رنژاد به ده‌نگه به‌سۆزه‌که‌ی
سروودی "شه‌هید"ی پێشکه‌ش کرد. ئه‌وجار له‌لایه‌ن خوشکی هاوبیر خوشکه
"زه‌یتوون عه‌بدیی"ه‌وه په‌خشانێك له‌ژێر سه‌ردێڕی "یادی مامۆستا"دا
پێسکه‌ش کرا. دواتر په‌خشانێکی دیکه ده‌رباره‌ی شه‌هید له‌لایه‌ن خوشکه
"سوێسنه دوستیی"یه‌وه خوێندرایه‌وه. ئه‌مجار خوشکه "مه‌رزییه
عومه‌رنژاد" بابه‌تێکی له‌مه‌ڕ راڤه‌ی وشه‌ی شه‌هیده‌وه پێشکه‌ش کرد.
پاشان کاك عه‌بدوڵڵا عومه‌رنژاد وتارێکی به ناوی " چه‌مکی ره‌سه‌ن" بۆ
به‌شداران خوێنده‌وه. دوای ئه‌و هۆنراوه‌یه‌کی مامۆستا شه‌هیدمان
له‌لایه‌ن خوشکه "له‌علی عه‌لی یار"ه‌وه خوێندرایه‌وه.
له بڕگه‌ی کۆتایی
کۆڕیاده‌که‌دا برا و هاوبیری به‌ڕێزمان مامۆستا حامید مه‌عروفیی وته‌یه‌کی
تایبه‌تیی به بۆنه‌ی ئه‌و رۆژه پیرۆزه‌وه پێشکه‌ش کرد. له وته‌کانی
به‌ڕێز مامۆستا حامیددا ئاوڕ له زیاتر له نیو سه‌ده ته‌مه‌نی پڕ له
خه‌بات و تێکۆشانی مامۆستای شه‌هید، مامۆستا خدر عه‌بباسیی، درابۆوه، به
تایبه‌تییش بڕگه گرنگ و تابیه‌تییه‌کانی ژیانی ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ی
بزووتنه‌وه‌ی رزگارییخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌سه‌رکرابوونه‌وه. له
به‌شێکی وته‌کانی مامۆستادا باسێکی کورت له‌سه‌ر بارودۆخی ئێستای جیهان،
ئێران و کوردستان و، به تایبه‌تییش ره‌وشی خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستان
پێشکه‌ش کرا. له‌م باره‌وه به‌ڕێزیان هه‌ڵوێست و تێڕوانینه‌کانی رێکخراوی
خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستانی له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسانه بۆ ئاماده‌بووانی
هاوبیرانی خه‌باتیی روون کرده‌وه.
له کۆتایی
کۆڕه‌که‌دا هاوبیرانی به‌شدار له کۆڕی بیره‌وه‌ری یازه‌دساڵه‌ی کۆچی
مامۆستای سه‌رکرده‌ماندا، مامۆستا خدر عه‌بباسیی، په‌یمانیان له‌گه‌ڵ گیانی
مامۆستا و شه‌هیدانی خه‌بات و خه‌ڵکی کوردستان به گشتیی تازه کرده‌وه
که تا وه‌دیهێنانی ئامانجه‌کانیان و گه‌یشتنی نه‌ته‌وه بێمافه‌که‌مان به
مافه ره‌وا و ئینسانییه‌کانی درێژه‌ده‌ری رێبازی شه‌هدان بن و له خه‌بات
و تێکۆشانی خۆیان بێ پسانه‌وه و ماندووبوون و سڵه‌مینه‌وه به‌رده‌وام بن.