|

مامۆستا مه‌لا خدر عه‌بباسیی له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣١٣ ی کۆچی –
هه‌تاویی (نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٣٤) ی زاینیی له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئایینیی
زه‌حمه‌تکێش و هه‌ژاری کوردستان له گوندی (سیسێر) ی ناوچه‌ی گه‌ورکی
سه‌رده‌شت له کوردستانی بنده‌ستی ئێران هاتۆته دنیاوه. باوک و دایکی
چاوی هیوای دواڕۆژێکی روون و پڕشنگداریان تێ‌بڕیبوو که بۆیان ببێته داری
به‌ریی و بۆیه، سه‌ره‌ڕای ده‌ستکورتیی بنه‌ماڵه‌که‌شیان و له‌کاتێکدا
هێشتا ته‌مه‌نی له ٥ ساڵ تێپه‌ڕی نه‌کردبوو، باوکی له مزگه‌وتی دێ له‌لای
مامۆستای گوند نایه به‌ر خوێندن. ئه‌و زۆر زوو قۆناغه‌کانی فه‌قێیه‌تیی
بڕین و پله به‌پله راده‌ی زانست و ئاستی تێگه‌یشتنی ده‌چووه سه‌ر.
زیره‌کیی و به‌توانایی مامۆستا به ڕاده‌یه‌ک بوو که مرۆڤی نه‌شاره‌زا
هه‌رگیز باوه‌ڕی نه‌ده‌کرد ئه‌و زانست و پله له خوێنده‌وارییه له‌و
ته‌مه‌ن و باڵایه بێته‌وه. بۆ زیاتر کۆکردنه‌وه و وه‌سه‌ریه‌کنانی
زانسته‌کان
زۆر له ناوچه‌کانی کوردستانی کوێستان (کوردستانی بنده‌ستی
ئێران) و کوردستانی گه‌رمێن (باشووری کوردستان) گه‌ڕاوه و وه‌ک پیشه‌ی
فه‌قێیه‌تیی و باوی مه‌لایه‌تیی هه‌میشه به‌دوای مامۆستا ناسراو و زانا
گه‌وره‌کانی کوردستاندا گه‌ڕاوه تا له‌خزمه‌ت ئه‌و گه‌وره پیاوانه‌دا
درێژه به خوێندن بدا. هه‌ر بۆ
ئه‌و مه‌به‌سته ساڵی ١٣٣٤ (١٩٥٥ ی زاینیی) ده‌چێته خزمه‌ت
زانای پایه‌به‌رز و ناودار مامۆستا مه‌لا مه‌حه‌ممه‌د بۆکانیی (مه‌لا
مه‌حه‌ممه‌د ره‌ئیس) که له گوندی (گه‌ڵاڵه) ی شینکایه‌تیی کوردستانی
گه‌رمێن مامۆستا بوو. له‌وێ له‌خزمه‌ت ئه‌و به‌ڕێز و بلیمه‌ته‌دا دوایین
ده‌رسه‌کانی فه‌قێیه‌تیی ده‌خوێنێ و پاییزی ١٣٣٥ (١٩٥٦ ی زاینیی) له
رێوڕه‌سمێکی گه‌وره و پڕشکۆدا هه‌ر له‌وێ ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تیی
وه‌رده‌گرێ، پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه ناوچه‌ی سه‌رده‌شت و ماڵ پێکه‌وه ده‌نێ
و له گوندی (سارتکێ) ی ناوچه‌ی گه‌ورک ده‌بێته
مامۆستا و فه‌قێی له ده‌ور کۆده‌بنه‌وه و ده‌ست به ده‌رسوتنه‌وه ده‌کا
و ئیتر قۆناغی کار و خزمه‌تی مامۆستا به ئیسلام و رۆڵه‌کانی کورد
ده‌ستپێده‌کا. هێشتا تازه‌لاو بوو که بیری له کۆیله‌یی و کڵۆڵیی گه‌لی
مسوڵمانی کوردی ده‌کرده‌وه و به‌ئاواته‌وه بوو رۆژێک بێ ئه‌و گه‌له‌ش وه‌ک
گه‌له ئازاده‌کانی دنیا به ئازادیی و
سه‌ربه‌ستیی بژی. له‌و پێناوه‌دا له مزگه‌وت و حوجره و مناره‌کانه‌وه
بانگی حه‌قی به‌گوێی خه‌ڵک داده‌دا و جه‌ماوه‌ر به‌گشتیی و فه‌قێ و
قوتابییه‌کانی به‌تایبه‌تیی له زوڵم و زۆریی رژێمی دیکتاتۆر و خۆسه‌پێنی
شایه‌تیی وریا ده‌کرده‌وه به‌جۆرێک که به یه‌کێک له که‌سایه‌تییه
به‌رچاوه‌کانی کوردستان، له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ دژایه‌تییکردنی رژێمی شا
و روونکردنه‌وه‌ی راستییه‌کان بۆ خه‌ڵک ناسراوبوو.
زۆری پێنه‌چوو له ١٠ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٣٨ (١٩٥٩ ی زاینیی) دابه تاوانی
دژایه‌تییکردنی رژێم و هاندان و ئاماده‌کردنی خه‌ڵک بۆ ناڕه‌زایه‌تیی
نیشاندان له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی تاغووتیی له‌لایه‌ن ساواک (دزگای ئه‌منییه‌تی
رژێمی شا) وه گیرا و ره‌وانه‌ی زیندانه به‌سام و ترسناکه‌کانی قزلقه‌لعه
و قه‌سری قاجار له تاران کرا. ئه‌شکه‌نجه و ئازاری زیندان ئیمان و
باوه‌ڕی مامۆستای له‌ق نه‌کرد و له گرتووخانه‌شدا خۆڕاگریی خۆی به
دوژمن نیشان دایه‌وه. پاش چه‌ند مانگ و له دادگاییه‌کی ساواکیانه‌دا
مامۆستا خدر حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی به‌سه‌ردا درا به‌ڵام روودانی چه‌ند
گۆڕانکارییه‌ک له ناوچه‌که‌دا و له هه‌مووان گرنگتر هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی
ئه‌یلوول له باشووری کوردستان دا وایان کرد رژێمی شا چاو به‌سه‌ر حوکمی
گیراوه سیاسییه‌کاندا بگێڕێته‌وه و له ئه‌نجامدا رۆژی ٢٣ ی خاکه‌لێوه‌ی
١٣٤١ (١٢/٤/١٩٦٢) مامۆستا له گرتووخانه ئازادکرا. پاش ئازادبوونیشی
سه‌رله‌نوێ و به گڕوتینێکی زیاتره‌وه هه‌ر له سارتکێ ده‌ستی به
ده‌رسگوتنه‌وه کرده‌وه به‌ڵام هه‌میشه له‌ژێر چاوه‌دێریی وردی
سیخوڕه‌کانی رژێمدا بوو .
له راپه‌ڕینی مه‌زن و پیرۆزی خه‌ڵکی ئێران له ساڵی ١٣٥٧ (١٩٧٩ ی
زاینیی) له دژی رژێمی شایه‌تییدا مامۆستا مه‌لا خدر وه‌ک هه‌میشه بوو به
رێبه‌ر و پێشه‌نگی جه‌ماوه‌ر و چالاکانه هه‌موو توانا و لێهاتوویی خۆی بۆ
کۆکردنه‌وه و رێکخستن و هاندان و رێنوێنییکردنی دۆستان و هاوبیران و
هاوه‌ڵان و جه‌ماوه‌ری کوردستان به‌کار هێنا. خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتیی و
ناوچه‌ی سه‌رده‌شت به‌تایبه‌تیی خۆیان شاهیدی زیندووی ئه‌و رۆژانه‌ن که
تێیدا مامۆستا مه‌لا خدر وه‌ک رابه‌ر و مامۆستایه‌ک پێش لاوانی خۆپیشانده‌ر
و خه‌ڵکی شۆڕشگێڕ و راپه‌ڕیو ده‌رکه‌وت و رووبه‌ڕووی ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ر و
چه‌کدار و سیخوڕه خوێنرێژه‌کانی رژێمی تاغووتیی شا ده‌بوونه‌وه. دوای
سه‌رکه‌وتنی شۆڕش و رووخانی رژێمی (شا) ش مامۆستا وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی کورد
و نوێنه‌ری ناوچه‌ی سه‌رده‌شت له چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی وتوێژ له‌گه‌ڵ
رژێمی تازه‌دا ئاماده‌بوو. له یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی کورد له
(مه‌هاباد) و له کۆبوونه‌وه‌ی رێبه‌رانی ئایینیی خه‌ڵکی کوردستان بۆ
داڕشتنی به‌یاننامه‌ی سێ مادده‌یی له شاری سه‌قز و هه‌روه‌ها له یه‌که‌م
کۆبوونه‌وه‌ی دوای شه‌ڕی سێ مانگه‌دا مامۆستا چالاکانه به‌شدار بوو.
سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی مسوڵمانی ئێران و دامه‌زرانی حکوومه‌تێکی
ئیسلامیی که له‌ژێر سایه‌یدا گه‌لی مسوڵمانی کوردیش به هه‌موو مافه
ڕه‌واکانی خۆی بگا له ئاواته هه‌ره‌مه‌زن و پیرۆزه‌کانی مامۆستا خدر بوون
به‌ڵام به‌داخه‌وه خومه‌ینی و داروده‌سته خوێنڕێژه‌که‌ی هه‌ر زوو شۆڕشی
گه‌لانی ئێرانیان له ئامانجه پیرۆز و راستیینه‌کانی خۆی دوورخسته‌وه و
ده‌سه‌ڵاتیان له‌خۆیان تاپۆ کرد و وه‌ڵامی داواڕه‌واکانی گه‌لی مسوڵمانی
کوردیشیان به ئاگر و ئاسن و خوێنڕشتن دایه‌وه
دوای داسه‌پاندنی شه‌ڕ له‌لایه‌ن رژێمی زۆرداری تازه‌وه مامۆستا بۆ
ماوه‌یه‌ک که له ده‌فته‌ری (شێخ عزالدین حسینی) دا کاری کرد به‌ڵام کاتێک
بۆی ڕوون بووه‌وه که ویسته‌کانی ئه و رێبازی (شێخ) به‌یه‌ک ناخۆن
له‌گه‌ڵ پۆلێک مامۆستا و زانای تر وه‌لایان نا و پاش لێکدانه‌وه‌یه‌کی ورد
و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌ن له ٥ ی خه‌رمانانی ١٣٥٩ ی کۆچیی
– هه‌تاویی (٢٧/٨/١٩٨٠ی زاینیی) دا رێکخراوێکی سیاسیی کوردیان به‌ناوی
(رێکخراوی خه‌بات،ی نه‌ته‌وایه‌تیی و ئیسلامیی کوردستانی ئێران "خه‌بات")،
که خاوه‌نی به‌رنامه و چاره‌سه‌ری ئیسلامیی بۆ کێشه‌ی کورد بوو،
دامه‌زراند و مامۆستاش سه‌ڕه‌فی داڕشتن و نووسینی به‌رنامه و پێڕه‌وی ئه‌و
رێکخراوه (خه‌بات) ی پێبه‌خشرا. مامۆستا مه‌لا خدر وه‌ک زانایه‌کی شاره‌زا
و سیاسه‌تمه‌دارێکی لێزان و کارامه له سه‌رکردایه‌تیی رێکخراوی خه‌بات دا
چالاکانه بۆ به‌ره‌وپێشبردن و گه‌شه‌پێکردنی ره‌وتی کای ئه‌و رێکخراوه
ره‌سه‌ن و شۆڕشگێڕه‌ی کوردستان خه‌باتی کرد و تێکۆشا.
له ٣ ی جۆزه‌ردانی ١٣٦٦ (٢٤/٥/١٩٨٧) و دوای وه‌لانانی خۆسه‌پێن و
ده‌سه‌ڵاتخوازان له ریزه‌کانی رێکخراوی خه‌بات، مامۆستا مه‌لا خدر کرا به
به‌رپرسی یه‌که‌می رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران. به
درێژایی مێژووی تێکۆشانی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕیش مامۆستا وه‌ک زانا و
رابه‌رێکی بلیمه‌ت و لێهاتوو سه‌رکردایه‌تیی تێکۆشان و خه‌باتی ئه‌و
رێکخراوه و ئه‌ندام و کادر و پێشمه‌رگه‌کانی ده‌کرد. ئیمانپته‌ویی،
پشوودریژیی، بیرتیژی، کارامه‌یی، به‌ئه‌زموونیی و وره و خۆڕاگریی مامۆستا
مه‌لا خدر له ره‌وتی تێکۆشانی تێکۆشانی پڕبه‌رهه‌م و ره‌نجی رێکخراوی
خه‌بات،ی شۆڕشگێری کوردستاندا به ته‌واوه‌تیی ره‌نگی دایه‌وه و سیفه‌ته
به‌رزه‌کانی ئه‌و له رۆژگاره هه‌ره دژوار و پڕله‌نده‌کانی خه‌باتدا به
کرده‌وه بۆ دوژمن و نامۆ و خۆیی سه‌لمێندران و بوونه هه‌وێنی خۆڕاگریی و
سه‌ربه‌خۆبوونی سیاسیی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕ و قوتابیی و هاوبیرانی
مامۆستا. مامۆستا خدر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌ک زانایه‌کی گه‌وره و شاره‌زا
و ڕابه‌رێکی لێهاتوو بۆ خزمه‌ت به گه‌لی مسوڵمانی کورد و گه‌یشتنی ئه‌و
گه‌له به مافه‌ڕه‌واکانی خۆی هه‌میشه له ناوجه‌رگه‌ی گۆڕه‌پانی خه‌بات
و تێکۆشان‌دا بوو، له هه‌مان کاتیش‌دا نووسه‌رێکی حه‌قبێژ و خاوه‌نقه‌ڵه‌م و
شاحیرێکی هه‌ستناسک بوو که به خامه به‌بڕشته‌که‌ی سه‌دان وتار و
زنجیره‌وتاری گه‌وره و گچکه و لێکۆڵینه‌وه و هۆنراوه‌ی ناسکی نووسیوه و
له رادوێ و بڵاوکراوه‌کانی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕ، وه‌ک گۆڤاره‌کانی
(تێکۆشان و بێستان) و زۆر جێگه‌ی تردا،

سه‌ره‌تای ساڵی ١٣٧٥ (١٩٩٦ ی زاینیی) نیشانه‌کانی نه‌خۆشییه‌کی کوشنده
له جه‌سته‌ی مامۆستادا سه‌ریان هه‌ڵدا و رۆژبه‌ڕۆژیش نه‌خۆشییه‌که‌ی زیاتر
ته‌نگی به ته‌ندروستیی ئه‌و هه‌ڵده‌چنی به‌ڵام مامۆستا خدر به ئیمان به
فه‌رمووده پیرۆزه‌کانی (قل لن یصیبنا الا ما
کتب الله لنا) و (اینما تکونوا یدرککم
الموت ولو کنتم في بروج مشیدة) سه‌ره‌ڕای ناڕه‌حه‌تیی و ئازاری زۆر
بۆ ساتێکیش له کار و خه‌بات نه‌وه‌ستا.
سه‌ره‌تای به‌هاری ١٣٧٦(١٩٩٧ ی زاینیی) بۆ راپه‌ڕاندنی هه‌ندێک کاروباری
سیاسیی و چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشییه‌که‌ی سه‌ردانی ئوروپای کرد و پاش چه‌ند
مانگێک به‌ره‌و کوردستان گه‌ڕایه‌وه، له رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یدا بوو که
هه‌واڵی شه‌هیدکرانی کوڕێکی به‌ناوی (خالید عه‌بباسیی) رۆژی(٦/٦/١٩٩٧)
١٦/٣/١٣٧٦ به‌ده‌ستی تیرۆریسته چڵپاوخۆره‌کانی رژێمی خومه‌ینی له شاری
سلێمانی پێگه‌یشت
نه‌خۆشیه‌که‌ی تاده‌هات توندتر ده‌بوو هه‌ر بۆیه کۆتایی هاوینی هه‌مان
ساڵ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردن سه‌فه‌رێکی تری ئوروپای کرد. پزیشکه‌کان
بێهیوا و ده‌سته‌وه‌ستان مان به‌ڵما مامۆستا باوڕی قووڵی به (ربي
الذي یحیی و یمیت) هه‌بوو بۆیه رۆژبه‌ڕۆژ سه‌بر و خۆڕاگرییه‌که‌ی
زیاتر ده‌بوو. سه‌ره‌نجام رۆژی ١٣/٩/١٣٧٦ (٤/١١/١٩٩٧) له ئۆسلۆی پێته‌ختی
نۆروێژ کۆچی دوایی کرد و گیانی پاکی به‌ره‌و دنیای هه‌رمان له شه‌قه‌ی
باڵی دا و چه‌ند رۆژ دواتر له رێوڕه‌سمێکی پڕشکۆ و تایبه‌ت و له‌ناو
ئاپۆڕه‌ی جه‌ماوه‌رێکی زۆری کورددا له گۆڕستانی ئه‌و شاره به‌خاک سپێردرا.
هه‌زاران سڵاو له گیانی پاکی مامۆستا مه‌لا
خدر عه‌بباسیی بێ و له یه‌زدانی دلۆڤان و به‌به‌زه ده‌پاڕێینه‌وه به
به‌هه‌شتی به‌رینی خۆی شاد بکا و له ریزی ئه‌وانه قبووڵی بکا که
ده‌رباره‌یان ده‌فه‌رموێ (من
المؤمنین رجال صدقوا ما عهدوا الله علیه فمنهم من قضی نحبه و منهم من
ینتظر وما بدلوا تبدیلا).
واته:
هه‌رگیز له‌وه زیاترمان بۆ پێشنایه
که خوا له چاره‌ی نووسیوین.
واته:
دڵنیا بن له هه‌رکوێ بن مردن
ده‌تانگاتێ و یه‌خه‌تان پێده‌گرێ با له قه‌ڵا و شوێنی زۆر سه‌خت و
قایمیشدا بن.
واته:
په‌روه‌ردگاری منه که ژیان ده‌به‌خشێ و
هه‌ر ئه‌ویشه ده‌شمرێنێ.
واته:
که‌سانک له‌نێو ئیمانداراندا هه‌ن که ئه‌و په‌یمانه‌ی
داویانه به خوا پابه‌ندن پێی و لێی لاناده‌ن، جا له‌وانه هه‌یانه گیانی
به‌خشیوه و هێندێکیشیان چاونۆڕن و تۆزقاڵێکیش سۆز و په‌یمانی خۆیان
نه‌گۆڕیوه.
|