|
له وته‌کانی مامۆستای شه‌هید، مامۆستا مه‌لا خدر
عه‌بباسیی، له یادی-١١-ساڵه‌ی
وه‌فاتیدا
ئاماده‌کردنی: بێستانچیی

....
ئیسلام بزووتنه‌وه‌یه‌کی رزگارییده‌ره بۆ هه‌موو کۆمه‌ڵانی به‌شه‌ر.
موسڵمانی به‌ڕاستیی ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی ده‌زانێ که له‌پێناو پیاده‌کردنی
یاسای خودادا و هه‌تا ده‌سته‌به‌رکردنی داد و دادگه‌ریی و ئازادیی و
به‌رابه‌ریی و بنه‌بڕکردنی هه‌موو جۆره سته‌مێك، له نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه
بگره هه‌تا چینایه‌تیی و هتد...، به‌بێ ترس له هیچ هێزێك، خه‌بات بکا و
خه‌ڵاتی شه‌هاده‌تیش له‌م رێگایه‌دا به گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وت و شانازیی
ده‌زانێ.
موسڵمانی به‌ڕاستیی ئه‌و که‌سه‌یه که جه‌وهه‌ری
شۆرشگێڕیی له ده‌ماریدایه و باوه‌ڕی نه‌گۆڕاوی به‌و راستییه هه‌یه که
ئیسلام جووڵانه‌وه‌یه‌کی رزگارییده‌ره بۆ گه‌لانی ژێرچه‌پۆکه و بۆ
کۆمه‌ڵانی چه‌وساوه و، له ئازادیی و مافه‌کانی مرۆڤ ئه‌وپه‌ڕی رێز
ده‌گرێ. ئه‌و موسڵمانه راسته‌قینه قه‌ت خۆی وه‌ك ده‌سته‌وستان و چ
له‌ده‌ست نه‌هاتوو چاولێناکا و به دڵه‌خورپه‌وه چاو له ئاسمان نابڕێ
داخوا که‌نگێ خودا موعجیزه‌ی بۆ ده‌خوڵقێنێ و به خۆی و مه‌لائیکه‌تانه‌وه
به هانای کۆمه‌ڵی به‌شه‌ره‌وه دێ و داموده‌زگای سته‌مگه‌ره
ره‌نگاوڕه‌نگه‌کان ده‌پێچێته‌وه! به‌ڵکوو ده‌زانێ ئه‌و خه‌باته ئه‌رکی
ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه و باوه‌ڕی ته‌واوی به‌و راستییه هه‌یه که ئه‌گه‌ر
مرۆڤ بۆخۆی به‌گژ دیارده ناحه‌ز و ناڕه‌واکاندا نه‌چێ و کۆشکی زۆرداران
ته‌فروتونا نه‌کا و تاڵاوی نه‌مان به گه‌رووی زۆرداران و سته‌مکاراندا
نه‌کا، که ئه‌رکی سه‌رشانی خۆیه‌تی، خودا ئه‌و ئه‌رکه له‌بری مرۆڤ
ئه‌نجام نادا. قورئان به ڕوونیی له‌م باره‌وه ده‌فه‌رموێ:“
ان الله لا یغیر ما بقوم حتی یغیر ما بانفسهم...“
واته خودا ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر بارودۆخ و ژیانی هیچ گه‌لێکدا
ناهێنێ هه‌تا بۆخۆیان هه‌وڵ نه‌ده‌ن بۆ گۆڕینی حاڵی خۆیان...“
ئیسلام وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئازادییبه‌خش له جیهاندا
ئه‌وکاته له به‌ربه‌ره‌کانیی و خه‌بات راده‌وه‌ستێ که ره‌گ و ریشه‌ی
هه‌موو ئه‌و سته‌م و فه‌ساد و دیارده ناحه‌زانه وشك بووبێ و گه‌لانی
جیاجیا له ئاستێکی وه‌ك یه‌كدا بژین. پێوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌سه‌ر
بناغه‌ی دادپه‌روه‌رییه‌کی ته‌واو دامه‌زرابێ که ئاسه‌واری چه‌وسانه‌وه
له‌نێو کۆمه‌ڵدا به‌گشتیی به‌رچاو نه‌که‌وێ. مرۆڤ له هه‌ر ره‌گه‌ز و
بنه‌چه‌یه‌ك و خاوه‌نی هه‌ر زمان و ره‌نگ و مه‌زهه‌بێك بێ رێزی شیاو و وه‌ك
یه‌کی بۆ دابندرێ و هتد... که‌وابوو هه‌تا ئاسه‌واری سته‌م ”به هه‌موو
جۆره‌کانیه‌وه“ له‌نێو کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ر وه‌به‌رچاو بێ به‌ربه‌ره‌کانیی و
به‌گژداچوونی ئه‌رکێکی خوداییه به‌سه‌ر ئه‌ستۆی موسڵمانانه‌وه.
جۆزه‌ردانی-١٣٧٢-ی
کۆچیی - هه‌تاویی
|