|

له مه‌ودای خه‌باتی پڕ له تاڵیی و مه‌ینه‌تیی
گه‌له‌که‌ماندا گه‌لێک رۆڵه‌ی فیداکار و له‌خۆبوردوو، ئازا و هه‌ڵکه‌وتوو،
هه‌ڵکه‌وتوون؛ که به باوه‌ڕی قایمه‌وه، به تامه‌زرۆیی و هه‌ستی گه‌رم و
گوڕه‌وه چوونه نێو کۆڕی خه‌باتی دژوار و پڕ له هه‌ڵه‌ت و هه‌ڵدێر و
هه‌وراز و سه‌ره‌وژێر. گه‌لێک له رۆڵه نه‌به‌زه‌کانی کورد و ئه‌ندامانی
وشیاری جه‌ماوه‌ری کورده‌واریی، ئه‌وینداری ئازادیی و رزگاریین و له‌پێناو
ئازادیی گه‌ل و ئاوه‌دانیی نیشتمانه‌که‌یاندا تێکۆشاون و تێده‌کۆشن و، له
هیچ هه‌لومه‌رجێکدا له‌و خه‌باته لارییان نه‌بووه. هه‌موو ئه‌وانه له‌م
رێگا پیرۆزه‌دا ره‌نج و مه‌ینه‌تیی زۆر و زه‌مه‌ندیان دیوه و دار و
نه‌داریان به‌خشیوه. به‌ڵام دیسان که‌سیان نایه‌نه رێزه‌ی شه‌هید و
هیچیان هێنده‌ی شه‌هید پایه‌به‌رز و دڵاوا نین.
شه‌هید له سنووری به‌خشنده‌یی تێپه‌ڕیوه و
گه‌یوه‌ته ئه‌و لوتکه به‌رزه که باییدارترین ده‌ستمایه‌ی خۆی، که
گیانیه‌تی، له‌سه‌ر له‌پی ده‌ست داده‌نێ و به‌ده‌م بزه‌ی شادییه‌وه، به
دنیایه‌ک شانازییه‌وه، پێشکه‌ش به باره‌گای خودا و خه‌ڵکی ده‌کا و
ده‌یکاته بارته‌قای ئازادیی و رزگاریی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی! کام
به‌خشنده ئاوا ده‌کا!؟ چ سامانێک تای گیان ده‌کا!؟ بێگومان نه هیچ که‌سێک
و نه هیچ سامانێک. بۆیه شه‌هید هه‌ر سه‌روه‌ری سه‌روه‌رانه و پله‌ی له
ژوورووی هه‌مووانه. شه‌هیدان له زانکۆی شۆڕشدا مامۆستای مامۆستایانن، له
خه‌باتی درێژخایه‌ندا سه‌رقافڵه و جڵه‌وداری کاروانی تێکۆشانن، بۆیه له
باره‌گای خودای گه‌وره و له‌نێو دڵی کۆمه‌ڵانی ژێرده‌سته‌دا جێگا و رێزی
تایبه‌تیان بۆ داندراوه.
ئێمه به ئه‌رکی دینیی و نه‌ته‌وه‌یی و به
سپارده‌ی شۆڕشگێڕیی خۆمانی ده‌زانین که له شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌کانمان
رێز بگرین، یادیان بکه‌ین و باسیان بکه‌ین. یادی ئه‌مجاره یادی
حه‌وته‌وانه‌ی ئاسمانی ساماڵی پڕ ئه‌ستێره‌ی خه‌بات، حه‌وت بازی
سه‌رباڵسووری لوتکه‌ی نه‌به‌ردیی و تێکۆشان، حه‌وت گوڵه گه‌نمی خه‌رمانی
به‌پیتی خه‌بات، حه‌وت گوڵاڵه‌ی شه‌مزێنراوی ده‌شتی (یه‌کشه‌وه)، یادی
مامۆستا وریا و هاوبیرانیه‌تی.
•
شه‌هید
مامۆستا سه‌ید عه‌بدوڵڵا ئارام، ناسراو به مامۆستا وریا. کوڕی مامۆستا
سه‌ید حه‌سه‌نی باخچه‌یی. له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئایینیی کوردستان له گوندی
(باخچه)ی ناوچه‌ی ته‌ره‌غه‌ی بۆکان له دایک بووه. له ته‌مه‌نی
منداڵییدا چۆته حوجره‌ی فه‌قێیان. به‌ده‌م خوێندنی
دینییه‌وه چۆته قوتابخانه و پله‌کانی خویندنی ئاسایی به
سه‌رکه‌وتنه‌وه بڕیون تا دیپڵۆمی ئه‌ده‌بیی وه‌رگرتووه. پاشان چۆته
زانکۆ و له زانکۆی ” ئازه‌رئابادگان“ ی شاری ته‌ورێز ماوه‌ی سێ ساڵ
خوێندوویه‌تی.
مامۆستا وریا له شۆڕشی دژی رژیمی شایه‌تییدا وه‌ک
لاوێکی به‌هه‌ست و نیشتمانپه‌روه‌ر چالاکانه به‌شداریی کردووه. له‌گه‌ڵ
دروستبوونی رێکخراوی خه‌بات،ی نه‌ته‌وایه‌تیی و ئیسلامیی کوردستان و
ده‌ستپێکردنی هێرشی سوپای رژیمی خومه‌ینی بۆ سه‌ر کوردستان، مامۆستا هاته
نێو ریزه‌کانی خه‌بات. له‌به‌ر زیره‌کیی و دڵسۆزیی و لێوه‌شاوه‌یی پاش
ماوه‌یه‌کی که‌م کرا به ئه‌ندامی شووڕای ناوه‌ندیی رێکخراوی خه‌بات و
به‌رپرسی ته‌شکیلاتی
ناوچه‌ی بۆکان.
پایزی ساڵی-١٣٦٠-مامۆستا
وریای سه‌رکرده له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر پێشمه‌رگه بۆ گه‌ڕانێکی سیاسیی و
سه‌ربازیی چه‌ند مانگه‌ییی به‌ره‌و ناوچه‌کانی مهاباد و بۆکان وه‌ڕێکه‌وتن.
هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌و گه‌ڕانه سیاسییه و رۆژی-١٦/١/١٣٦١-له
دێی ” یه‌کشه‌وه“ ی ناوچه‌ی بۆکان له شه‌ڕێکی قاره‌مانانه‌دا له‌گه‌ڵ
شه‌ش هاوبیری دیکه‌یدا شه‌هید بوون و ره‌گه‌ڵ کاروانی نه‌پساوه‌ی شه‌هیدان
که‌وتن.
•
شه‌هید سادق زه‌ندی، ناسراو به قانع، کوڕی بایز.
شه‌هید سادق خه‌ڵکی گوندی (ره‌حیم خان)ی ناوچه‌ی بۆکانه و له گوندی
(خه‌مان)ی ناوچه‌ی سلێمانی باشووری کوردستان له دایک بووه. به منداڵیی
نێردراوه‌ته خوێندنگه و پله‌کانی خوێندنی به سه‌رکه‌وتنه‌وه بڕیون تا
دیپڵۆمی وه‌رگرتووه.
له رۆژی-١/٦/١٣٦٠-هاتۆته
نێو رێزی پێشمه‌رگایه‌تیی رێکخراوی خه‌بات،ی نه‌ته‌وایه‌تیی و ئیسلامیی
کوردستان و له‌و
ریزه پیرۆزه‌دا خه‌باتی کرد تا له-١٦-ی
خاکه‌لێوه‌ی-١٣٦١-دا
له‌گه‌ڵ مامۆستا وریا و هاوبیرانی دا شه‌هید بوو.
•
شه‌هید ئیسماعیل سلێمانزاده، کوڕی سلێمان، خه‌ڵکی گوندی (سارده‌کۆسان).
له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژاری کوردستان له‌دایک بووه. له‌گه‌ڵ دامه‌زرانی
خه‌بات هاته نێو ریزه‌کانی ئه‌و رێکخراوه ره‌سه‌نه‌وه. پله‌کانی
پێشمه‌رگایه‌تیی به سه‌رکه‌وتنه‌وه بڕین تا بوو به فه‌رمانده‌ی
سه‌ربازیی ناوچه‌ی سه‌قز. له نه‌به‌ردی گوندی (یه‌کشه‌وه)ی ناوچه‌ی بۆکان
له‌گه‌ڵ مامۆستا وریا و شه‌ش هاوبیری تردا به ده‌ستی جاش و پاسداره‌کانی
رژیمی کۆماری به‌نێو ئیسلامیی ئێران شه‌هید کران.
•
شه‌هید حسێن صاحبنظر، کوڕی فه‌تحوڵڵا، خه‌ڵکی گوندی (جانداران)ی ناوچه‌ی
گه‌ورکی سه‌رده‌شت. له بنه‌ماڵه‌یه‌کی جوتیار و زه‌حمه‌تکێشی کوردستاندا
له دایک بووه و په‌روه‌رده بووه. له رووخانی رژیمی شادا چالاکانه
به‌شدار بووه و دواتر هاتۆته نێو ریزی پێشمه‌رگه‌کانی رێکخراوی خه‌بات،ی
نه‌ته‌وایه‌تیی و ئیسلامیی کوردستان و دڵسۆزانه ئه‌رکی پیرۆزیی
پێشمه‌رگایه‌تیی به‌جێگه‌یاندووه، تا ئه‌ویش له‌گه‌ڵ مامۆستا وریا و
هاوبیرانی دا له گوندی (یه‌کشه‌وه) شه‌هید بوون.

•
شه‌هید عوسمان عه‌بوو، خه‌ڵکی بۆکان. له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار له‌دایک
بووه و هه‌ر به هه‌ژاریش ژیانی بردۆته سه‌ر. باوه‌ڕی موسڵمانانه و
هه‌ستی شۆڕشگێڕانه‌ی وایان کرد کاک عوسمان بێته نێو ریزه‌کانی خه‌بات و
ببێ به پێشمه‌رگه. له شه‌ڕه بێ وێنه‌کانی ناوچه‌کانی سه‌قز و بانه و
بۆکان قاره‌مانانه به‌شداریی کردووه. تا رۆژی-١٦-ی
خاکه‌لێوه‌ی-١٣٦١-له‌گه‌ڵ
شه‌ش هاوبیری دیکه له (یه‌کشه‌وه) شه‌هید بوو.
•
شه‌هید محه‌ممه‌د ره‌سوڵی، ناسراو به محه‌ممه‌د شێنانی، کوڕی ئه‌حمه‌د.
له بنه‌ماڵه‌یه‌کی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان له گوندی (شێنان)ی ناوچه‌ی
بانه له‌دایک بووه. له سه‌ره‌تای دامه‌زرانی خه‌بات، هاته نێو ریزه‌کانی
پێشمه‌رگه‌ی رێکخراوه‌که‌مانه‌وه. له ماوه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیی دا
وه‌فاداریی و دڵسۆزیی خۆی نیشان دا. تا له رۆژی-١٦/١/١٣٦١-له
(یه‌کشه‌وه) له‌گه‌ڵ مامۆستا وریا و هاوبیرانی دا شه‌هید بوو.
•
شه‌هید محه‌ممه‌د خالدی. له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار و ده‌ستکورتی گوندی
(گرده‌به‌ردان)ی ناوچه‌ی مه‌هاباد له‌دایک بووه. هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و
باوه‌ڕی ئیسلامیی هانیدا بێته ریزی پێشمه‌رگه‌کانی (خه‌بات)ه‌وه و، له‌و
ریزه دا خزمه‌تی کرد تا له شه‌ڕی (یه‌کشه‌وه)دا له‌گه‌ڵ مامۆستا وریا و
هاوبیرانی دا شه‌هید بوو.
سڵاو
له‌و دایکانه‌ی ئه‌و کۆرپانه‌یان له داوێن که‌وته خوار.
سڵاو
له‌و کات و شوێنانه‌ی ئه‌و رۆڵه فیداکارانه‌یان تێدا له‌دایک بوو.
سڵاو
له‌و دایک و باوکانه‌ی ئه‌و مرۆڤه باوه‌ڕدارانه‌یان پێگه‌یاند.
سڵاو
له‌و دار و به‌ردانه‌ی بۆ
مامۆستا و هاوبیرانی بوونه سه‌نگه‌ر.
سڵاو
له‌و لوتکه و باسک و نواڵانه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه خه‌باتیان تێداکرد.
سڵاو
له (یه‌کشه‌وه).
سڵاوی
خودا و خه‌ڵک له مامۆستا وریا و هاوبیرانی.
سڵاو
له حه‌وته‌وانه‌ی تیشکاوێژی ئاسمانی (یه‌کشه‌وه).
|